هەولێر – نۆرس پرێس
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باکووری میسر گوتی: ئێمە دژی هەموو جۆرە دەربەدەرکردنێکن و هیچ شوێنێک لە غەززە سەلامەت نییە.
داواکارییەکەی گوتێرێز بۆ وەستاندنی شەڕ رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی پڕۆژە بڕیارێک بۆ وەستاندنی شەڕ پەسند بکات، لە کاتێکدا کە رێکخراوە مرۆییەکان لە گەیاندنی خۆراک، سووتەمەنی، ئاو و دەرمان بە غەززە، رووبەڕووی زەحمەت دەبنەوە.
زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە ژمارەیان زیاترە لە 1.5 ملیۆن کەس، پەنایان بۆ نزیک سنووری باکووری میسر بردووە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، باسی لەوە کرد کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح “هەڵە” و “ناپێویست”ە.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ئەگەر هێرشەکە رووبدات، هیچ رێگەیەکی پاراستنی خەڵکی سڤیل نامێنێتەوە.