قامشلۆ – نۆرس پرێس
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا و سەرەخۆشی لە سەرۆک و گەلی رووسیا کردووە و جەختی لە پشتیوانی سووریا بۆ رووسیا کردەوەتەوە.
بە گوێڕەی ئاژانسی سانا، ئەسەد لەمیانی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمە یەکەمجار نییە، بەڵکوو رووسیا بە درێژایی مێژووی خۆی روبەڕووی “هەڕەشەی تیرۆر” بووەتەوە، ئەسەد راشیگەیاندووە، کە “هەموو جارێک رووسیا بە سەرکەوتوویی لێی رزگاری بووە”.
ئەسەد بە پوتینی گوتوە، کە “هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی مۆسکۆ ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە نەوستێنرێت هەتا تیرۆریستان بە تەواویی لەناودەبرێن”
لای خۆشیەوە پوتن سوپاسی ئەسەدی کردووە بۆ هاوسۆزیەکەی، هەروەها سوپاسی کردوە “بۆ ئامادەیی سووریا بۆ پاڵپشتیکردنی رووسیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا”، راشیگەیاندووە: “کاتێک وەک یەک دەست پێکەوە بوەستینەوە، ئامانجەکانمان و سەرکەوتنیش بەدی دێت”.