مەسەدە: داعش هێشتا مەترسییە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر تێكشكاندی، هێشتا هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.

ئەم لێدوانەی مەسەدە بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی دوا شوێنەكان لە دەستی داعش لە ناوچەی باغۆز لە گوندەواری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوكراوەتەوە وتیایدا هاتووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر نەهێشتنی داعشدا، شانە نووستووەکانی هێشتا مەترسین نمونەشی بە دوایین هێرشی داعش بۆ سەر مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و کرێکارانی هەڵگرتنەوەی دومبەڵان لە بیابانەکاندا سوریادا هێناوەتەوە.

ڕوونیشی کردەوە، مەترسیی ئەو ڕێکخراوە هەر دەمێنێتەوە، ئەگەر چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ خێزانەكانی داعش لە كەمپەكانی رۆژئاوای سووریا نەدۆزرێتەوە.

داوای لە هەموو وڵاتانیش کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپەکاندا بگرنە ئەستۆ و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، هەروەها پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن بۆ بەڕێوبەری خۆسەری بە ئەنجامدانی دادگاییکردنێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە کە لە زیندانەکاندا دەستبەسەرکراون و وشککردنی سەرچاوە داراییەكانی رێكخراوەكە.

مەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فشار بخەنە سەر ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانە دەکەن کە پڕۆژەکانی فراوانکردنیان لە باکووری سوریا جێبەجێ دەکەن هەروەها دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانی سوریا و پابەندبوون بە بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254 و کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکان، لە سەروویانەوە داگیرکارییەكانی تورکیا.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی