سووریا.. له‌ دوو هێرشی جیاوازدا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی حكوومه‌ت و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران کوژران و برینداربوون

دێره‌زوور- نۆرس پرێس

دوێنێ، لە دوو هێرشی جیاوازدا، لە گونده‌واری دێرەزوور و حومس سوریا، سێ ئەندامی هێزەکانی حکومەت و میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێران کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ هێزه‌كانی حكومه‌ت له شارۆچکه ی سوخنه له ڕۆژهه‌ڵاتی حومس، رایگه‌یاند دوو چه‌کداری نه‌ناسراو ئه‌ندامانی حكومه‌تیان له بازاڕی شارۆچکه كردووه‌ته‌ ئامانج

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووەته‌ هۆی کوژرانی دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت، هاوکات دوو هێرشبەرەکە توانیویانە هەڵبێن.

هه‌روه‌ها سەرچاوەیەکی سەربازی لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای فاتمیونی ئەفغانیی سه‌ر به‌ ئێران، لە نزیک گوندی تەیبە لە قەزای مەیادین لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێره‌زوور.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووەته‌ هۆی کوژرانی ئەندامێکی لیوای فاتمیون، کە بە ڕەگەز ئەفغانییە و دوو ئەندامی دیکەش برینداربوونه‌.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان