سەرکردەکانی کورد سەرکۆنەی هێرشەکەی مۆسکۆ دەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنەی “پەلامارە تیرۆرستی”ەکەی شاری مۆسکۆی کرد و رایگەیاند، کە خۆیان بە هاوبەشی خەمی گەل و حکوومەتی رووسیا دەزانن.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ: “بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆ دەکەم”.

لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا، کە روپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە دەڵێ: “زۆر بە توندی ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستیەکەی شەوی رابردووی شاری مۆسکۆ دەکەین کە تێیدا هاووڵاتیانی مەدەنی و بێتاوان کرانە ئامانج”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بەهەمانشێوە لە پلاتفۆڕمی “ئێکس” نوسیوویەتی: “هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و بریندارەکان و خەڵک و حکومەتی ڕووسیا لەم ساتە سەختەدا”.

جگە لەوەی کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرەخۆشی لە  خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکات، دەشڵێ “خۆمان بە هاوبەشی خەمی گەل و حکوومەتی رووسیا دەزانین”.

هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێ هەینی، بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی نزیکەی 200 کەس، هاوکات رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رایگەیاند.

دەسەڵاتدارانی رووسیا گوتیان زیاتر لە 40 کەس کوژراون و 100 کەسیش برینداربوون، هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە ئامارێکی نوێدا رایگەیاند کە 62 کەس گیانیان لەدەستداوە و 146 کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆش کریملین رایگەیاند کە هەر چوار “تیرۆرست”ی بەشدار لە هێرشەکەدا دەستبەسەرکراون.