بە هۆی شەڕی نێوان دوو گروپی چەکدارەوە لە عەفرین کوژراو و بریندار کەوتنەوە

عەفرینی داگیرکراو– نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان دوو گروپی چەکداری سەر بە یەکێک لە میلیشیاکانی نزیک لە ئەنقەرەوە لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو، کەسێک کوژرا و ژنێکیش بریندار بوو، ئەمەش دوای ناکۆکییەک هات، کە لە نێوان ئەو دوو گروپەدا سەریهەڵدا.

ئەو ناوچانەی لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرەوە داگیرکراون، ئاژاوەی ئەمنی و پێکدادانی بەردەوامی نێوان گروپە چەکدارەکان بەخۆوە دەبینن، کە زۆربەیان کوژران و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە.

کاربەدەستێک لە میلیشیای “شورتەی عەسکەری” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە “دوێنێ لە کاتی خۆرئاوابووندا، شەڕ و پێکدادان لە چیای ترندە لە نێوان دوو گروپی چەکداری سەر بە میلیشیای “سوڵتان سلێمان شا”دا روویداوە، بەگوتەی ئەو ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی عاید ئەلعزی ئەحەد و برینداربوونی ژنێک.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستیان لە رووداوەکەدا هەبووە، بەهۆی پەیوەندییان بە سەرکردەی ئەلعەمشاتەوە، دەستگیر نەکراون، بریندار و کوژراوەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەفرین.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی