بۆ سێیەم رۆژی له‌سه‌ریه‌ك گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمی كچێك له‌ رووبارێکی گونده‌واری حەسەکە به‌رده‌وامه‌

تەل تەمر – نۆرس پرێس

هەوڵەکانی گەڕان بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسی کچێک کە ئاوی ڕووباری زەرکان لە گونده‌واری حەسەکە له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، نه‌رمین خەلیل تەمەن 15 ساڵ، لە 19ی ئاداردا کەوتووەتە ناو ڕووباری زەرکان کە یەکێکە لە لقەکانی ڕووباری خابور، له‌وكاته‌ی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە گوندی عەرادە لە گونده‌واری شارۆچکەکە به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی دار له‌ رووباره‌كه‌ نزیك ببونه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کچەکە دەستبەجێ خنکاوە چونكه‌ ڕووبارەکە لەم دواییانە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر ئاستی ئاوه‌كه‌ی به‌رز ببوه‌وه‌.

خالد ئوسو، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی زەرکان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هەوڵەکانی گەڕان بەدوای کچەکەدا بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک بەردەوامە، نزیکەی 20 کم لە ڕووبارەکە گه‌ڕاون به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌نووسێكی ئه‌م كچه‌ دیار بێت.

ڕووباری زەرکان لە خاکی تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت و بە شارۆچکەی زەرکاندا تێدەپەڕێت و لە شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری حەسەکە دەچێتە ناو خابورەوە.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌مه‌د قازی