لە هێرشێکدا داعش پێنج کرێکاری کۆکەرەوەی دومەڵان لە نزیک رەققە کوژران و چەندینی دیکەش برینداربوون

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک کرێکار کە لە بادیەی رەققە دومەڵانیان کۆدەکردەوە، بە هۆیەوە پێنج کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

لە ماوەی ئەم مانگەدا زیاتر لە 40 کرێکاری هەڵگرەوەی دومەڵان لە رووداوەکانی بە ئامانجگرتنی داعش و تەقینەوەی ئەو مینانەی لە نزیک بارەگای هێزەکانی حکومەت یان بارەگای میلیشیاکانی سەر بەواندا چێنراون، کوژراون.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە گوندی “مەغلات کەبیرە”ەوە رایانگەیاند، لە هێرشێکی داعشدا پێنج کەس کوژراون و سێ کرێکاریش برینداربوون، کە لە بیابانی هیما لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بوون، هاوکات تا ئێستا چارەنووسی سێ کرێکاری دیکە نادیارە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان