لە حکومەتی نوێی بریتانیادا کوردێک و دۆستێکی کورد پۆستی باڵایان هەیە
هەولێر – نۆرس پرێس
لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا، لیز ترەس رایگەیاند: “پلانێکی گەورەم هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی کەمرکردنەوەی باج و ئەنجامدانی چاکسازییەوە.”
ترەس دوای ئەوەی لەلای شاژنی بەریتانیا گەڕایەوە و “داواکارییە بەخشندەکەی خاوەنشکۆ شاژن”ـی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ پەسندکرد، گەیشتە باڵەخانەی ژمارە 10 لە داونینگ ستریت و گوتارەکەی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی دۆخی وڵاتەکەی کرد، رایگەیاند، “پەرە بە گەشە و وەبەرهێنانی بازرگانی دەدەم. لە ماوەی ئەرکی خۆمدا، چاکسازی ئەنجامدەدەم بۆ ئەوەی بەریتانیا دەست بە کارکردن، بونیادنان و گەشە بکاتەوە. هەنگاوی بەهێز دەنێین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە خەڵک رووبەڕووی تێچووی لە توانابەدەری وزە نەبنەوە.”
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا وتی، “ئێستا کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسانەیە کە لەبەردەم بەریتانیا بوونەتە بەربەست… پێویستە بارگرانیی خێزانەکان کەمبکەینەوە و هاوکاریی خەڵک بکەین بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.”
هەروەها باسی لە سێ کار کرد، کە لە هەرە لەپێشینەی کارەکانین، رایگەیاند، یەکەم “بەریتانیا دووبارە بەهێزدەکەمەوە. پلانێکی گەورەم هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی کەمکردنەوەی باج و ئەنجامدانی چاکسازییەوە.” و دووهەم، “بە دەستی خۆم مامەڵە لەگەڵ قەیرانی وزە دەکەم کە بەهۆی جەنگی پووتینەوە دروستبووە.” و سێهەم، ” وزە و چاودێری تەندروستیی نیشتمانی، وڵاتی خۆمان دەخەینە سەر رێگەی سەرکەوتنێکی درێژخایەن.”
دۆستێکی کورد وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
یەکێک لە وەزیرانی نوێی کابینەکەی لیز ترەس، جەیمس کلێڤەرلییە کە دۆستێکی کوردە و پۆستی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای پێدراوە.
کلێڤەرلیی تەمەن 53 ساڵ، یەکەم رەشپێستە لە مێژووی بەریتانیادا دەبێتە وەزیری دەرەوە. ئەو ئەزموونێکی زۆری لە بوارەکەدا هەیە. لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بوو بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
یەکێک لەو شوێنانەی لە کاتی ئەرکە پێشووەکەیدا وەک وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگەی سەرنجی بووە، هەرێمی کوردستان بووە.
کلێڤەرلی لە سەردانێکدا کە لە رۆژی 1-12-2020 بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و لەندەن لە تویتەر نووسی: “حکومەتی بەریتانیا دۆستێکی دێرینی کوردستانە و دۆستێکی دێرینی عێراقیشە. بەریتانیا پشتگیری لە هەردوو حکومەتەکە دەکات”.
لە ئەیلوولی 2020دا کلێڤەرلی، لە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا رایگەیاند: “پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی درێژخایەنی ناوچەکە گرنگە.”
لە تشرینی یەکەمی 2020 و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن، کلێڤەرلی لە تویتێکدا نووسی: “بەریتانیا پشتگیری لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و سەرکەوتوو لە چواچێوەی عێراقێکی پێشکەوتوودا دەکات. دەبێ ئەو ئامانجە بەدەستبهێنین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەین.”
لە نیسانی 2021دا و لە ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەیمس کلێڤەرلی لە گوتارێکدا نووسی: “ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی ئەوەی کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانان یەکیانگرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد کە شایستەی بوون.”
نەدیم زەهاوی گرنگترین پۆست وەردەگرێت
یەكێك لە وەزیرە هەڵبژاردەکانی کابینەکەی لیز ترەس، نەدیم زەهاویە، وەزیرە كوردەكەی نێو كابینەی حوكمەتی بۆریس جۆنسن، كەپێشتر وەك وەزیری خەزێنەو پەروردەو ڤاكسین كردن، كاری كردوە، دوای دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێ لیز ترەس، وەك ڕاوێژكارو وەزیری حوكمەت بۆ كاروباری دوقنشینی لانکستەر لەنوسینگەی کابینەی حکومەت، بەردەوام دەبێت.
دوقنشینی لانکستەر شوێنی بەرێوەبردن و کارگێڕیکردنی هەموو سەروەت و سامانە تایبەتەکانی شا یان شاژنی بەریتانیایە.
لە چوارچێوەی پۆستی راوێژکاری دوقنشینی لانکاستەردا، نەدیم زەهاوی ئەم ئەرکانەی خوارەوەی دەبێت:
– کارگێڕیکردنی سامانی تایبەتی فەرمانڕەوای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
– راوێژدان بە سەرۆکوەزیران لەسەر دانان و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت.
– سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی حکومەت.
– جێبەجێکردنی کارەکانی حکومەت.
– سەرپەرشتیکردنی لیژنە و تیمە تایبەتەکان.
– سەرپەرشتیکردنی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (برێگزیت).
– سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەستووری.
– سەرپەرشتیکردنی سیاسەتەکانی نووسینگەی کابینەی حکومەت.
زەهاوی لە مانگی تەممووزدا دوای ئەوەی کە چەند وەزیرێک دەستیان لە حکومەتەکەی بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کشاندەوە، پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت.
زەهاوی، وەک كارەكتەرێكی بەهێز سەیر دەکرێت و بەردەوام ئامادەیی هەیە لەسەر شاشەو بەردەم مایكی ڕۆژنەمەوانان.
زەهاوی بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلولی 2021 وەك وەزیری سەرپەرشتیکردنی بڵاوکردنەوەی ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا، هاتە ناو کابینەی حکومەتەوە.
نەدیم زەهاوی، بەڕەچەڵەك كوردێكی عێڕاقییەو بەمنداڵی لەگەڵ خێزانەكەی لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردودا وەك پەنابەر رویان لەبەریتانیا كردوە.
زەهاوی خاوەنو دامەزرێنەری کۆمپانیای توێژینەوەی بازاڕكردنی YouGov بووەو ئێستا یەکێکە لەدەوڵەمەندترین سیاسەتمەدارەکانی ناو هاوس کۆمۆن.