ئاژانسی وزەی ئەتۆم لێکۆڵینەوە لە “ناوچەیە ئەلکبر” لە دێرەزوور دەستپێدەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوای سەردانەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دیمەشق و دیدارەکەیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و فەیسەڵ ئەلمیقدادی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و پاش نزیکەی 12 ساڵ لە وەستانی، لێکۆڵینەوەیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئەلکبر لە دێرەزوور دەستپێکردەوە.

دوایین سەردانی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ سوریا لە ساڵی 2011 بوو، ئەو کاتەی ئاژانسەکە هەوڵی زیندووکردنەوەی لێکۆڵینەوە وەستاوەکەی ناوچەی ئەتۆمی ئەلکباریان دەدا.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وزەی ئەتۆم لە برۆکسل، رافایل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، دیدارەکەی لەگەڵ ئەسەد بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی هەنگاوی کۆنکرێتی لێکەوتووەتەوە، کە دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئەلکبر بەرەو پێشەوەوە ببات.

سێشەممەی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند کە ئەسەد لەگەڵ گرۆسی هاوکاری نێوان سووریا و ئاژانسی نێودەوڵەتی لە بەرنامە و پڕۆژەی ئاشتیانەدا بە تایبەت لە بوارەکانی تەندروستی و چارەسەری شێرپەنجە و کشتوکاڵ و توێژینەوەی زانستیدا، تاوتوێ کردووە.

باس لەوەش کراوە کە گرۆسی جەختی لە گرنگی بنیاتنانی گفتوگۆیەکی کاریگەر و بەردەوامی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی و سووریا کردەوە، هاوکات ئەو هەنگاوانەی بۆ ئەلمیقداد روونکردەوە کە تا ئێستا پێی هەستاون، بەتایبەتی لەڕووی “کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاوکاری لەسەر بنەمای متمانەی یەکتر”.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئادێگی ئیبۆ، بەڕێوەبەر و جێگری نوێنەری باڵای کاروباری چەکداماڵین لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا، داوای هاوکاری تەواوی دیمەشقی لەگەڵ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کرد، بۆ داخستنی هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە کۆگاکانیەوە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان