دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنیان.. تەرمی چوار گەنج لە دەرعا دۆزرایەوە

دەرعا – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانیشتووانی شارۆچکەی مەحجە لە گوندەواری باکووری دەرعا، چوار تەرمیان دۆزییەوە کە لە نزیکەوە بە فیشەکی دەمانچە کوژرابوون، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە لایەن خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە پێی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی هەواڵگری ئاسمانی حکوومەتی سووریا، کە لە خاڵێکی پشکنینی شارۆچکەی شێخ مسکین لە گوندەواری ناوەڕاستی شارەکە جێگیرکراون، ئەو چوار گەنجەیان دەستبەسەر کردووە و دواتر لە شارۆچکەی مەحجە کوشتوویانن.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، دانیشتوانی گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە تەرمی ئەو سێ گەنجەیان دۆزیوەتەوە، کە شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەیان بینراوە.

گوتیشیان، تەرمی ئەو چوار گەنجە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری ئەزرەع، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەرعا، دواتر لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە ناسراونەتەوە.

راشیانگەیاند، ئەو چوار گەنجە خەڵکی ناوچەی لەجاتن لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەرعا و سەر بە هیچ گروپێکی سەربازی و ئەمنی نین.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەممەد – داڕشتنەوەی: محەممەد ئەلقازی