بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە مەنبیج 13 کەس کوژران و برینداربوون

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئێوارەی چوارشەممە، لە ناوەندی شاری مەنبیج لە رۆژئاوای کوردستان، بەر لە بەربانگ و لە رۆژی نەورۆزدا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە، منداڵێک گیانی لەدەستدا و 12 ی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ تەقینەوەیەک لە شەقامی ئەبو هیلال لە گەڕەکی ئەلسرب لە ناوەندی شاری مەنبیج روویداوە.

بەپێی سەرچاوەکە، تەقینەوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک و برینداربوونی 12 کەسی دیکە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ کاتی بەربانگ و کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، کاتێک بازاڕەکان قەرەباڵغ بوون و جمەیان دەهات لە خەڵک.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە، کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دانرابوو.

باس لەوەش کراوە، منداڵەکە حەسەن عەلۆ (10 ساڵ) گیانیلەدەستداوە، ئەمە جگە لە برینداربوونی سێ منداڵ بە ناوەکانی “یوسف شاهین، هەمزە بەکر، و محمد بەرهۆ”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، نۆ کەسی دیکە برینداربوون کە دووانیان ژنن و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەممەد ئەلقازی