دوو ئەندامی میلیشیاكانی تورکیا لە گونده‌واری عەفرین بە نارنجۆک برینداربوون

گونده‌واری باکووری حەلەب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، كه‌سانی نه‌ناسراو به‌ نارنجۆك هێرشیان كرده‌ سه‌ر پۆلیسی مەدەنیی سه‌ر به‌ میلیشیاكانی تورکیا لە ناوچەی شه‌رانی گونده‌واری عەفرین، به‌هۆیه‌وه‌ دووی ئه‌و میلیشیایه‌ برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە میلیشیاكه‌ بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “کەسانی نەناسراو به‌ نارنجۆک هێرشیان كرده‌ سه‌ بازگایه‌كی پۆلیسی ناحیەی شه‌ران، بەهۆیەوە دوو ئەندام برینداربوون کە یەکێکیان برینه‌كه‌ی سەخته‌”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو ئەندامە كواسترانه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین.

دوانیوەڕۆی دوێنێ لە بازگەی پۆلیسی سەربازی دەروازەی شاری راعی باکوری شاری حەلەب، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ کەسێک کوژرا و دوو ئەندامی پۆلیسی سەربازیش برینداربوون.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د قازی