گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس
بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە شاری ئەلراعی لە گوندەواری باکووری حەڵەب، کەسێک کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون.
شاری ئەلراعی لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانی ئەنقەرەدایە و ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیانەش بە دۆخێکی پشێوی و گەرەلاوژێی ئەمنیدا تێدەپەڕن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری ئەلراعی لە باکووری شاری حەڵەب تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانیلەدەستداوە، هاوکات دوو ئەفسەری شورتەی عەسکەریش برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە لە نزیک بازگەی شورتەی عەسکەری، لە دەروازەی شارەکە روویداوە و زیانی ماددی بە شوێنەکەش گەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا کە بریندارەکان لە ژێر رێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا لەلایەن میلیشیاکانی دڵسۆزی ئەنقەرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلراعی.