بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبووەوە

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، ڕافایل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا و فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوکارییەکانی نێوان سوریا و ئاژانسەکە.

لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا، ئادێگی ئیبۆ، بەڕێوەبەر و جێگری نوێنەری باڵای کاروباری چەکداماڵین لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، داوای هاوکاری تەواوی دیمەشق لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کرد بۆ داخستنی هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە ڕاگەیاندنەکانی کۆگا كیمیاییەكانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاندووە ئەسەد و گرۆسی لەبارەی هاوکاری نێوان سوریا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە گفتوگۆیان كردووە بەتایبەت لەبارەی پڕۆژەی ئاشتیانە لە بوارەكانی تەندرووستی چارەسەركردنی شێرپەنجە و کشتوکاڵ و لێکۆڵینەوەی زانستی.

باس لەوەش کراوە گرۆسی جەختی لە گرنگی بنیاتنانی گفتوگۆیەکی کاریگەر و بەردەوام لە نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی و سوریا كردووەتەوە هاوکات ئەو هەوڵانەی بۆ فەیسەڵ میقداد ڕوونکردووەتەوە بۆ کردنەوەی ئاسۆیەكی نوێی هاوکاری لەسەر بنەمای متمانەی یەکتر دەدرێن.

لای خۆیەوە  وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەکردووە لەگەڵ گرۆسی گفتوگۆیان لەسەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری نێوان سوریا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و چۆنیەتی لابردنی ئەو هۆکارانەی ڕێگری لەم هاوکارییە دەکەن كردووە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان