ئینسایت: پاش تێپەڕینی ساڵێک.. هێشتا تاوانبارانی جندرێس بە بێ لێپێچینەوە ماونەتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لە راپۆرتێکی مافی مرۆڤی رێکخراوی ئینسایتدا هاتووە، تاوانی جندرێس، کە ساڵی رابردوو بەرامبەر بە چوار برای سەر بە یەک خێزانی کورد ئەنجامدرا، تا ئێستاش بێ لێپرسینەوە تێپەڕیووە و تاوانباران هێشتا سزا نەدراون، سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر روودانی تاوانەکەدا تێپەڕیوە.

لە سەروبەندی جەژنی نەورۆزی ساڵی رابردوودا، چوار گەنجی کورد کە هەموویان سەر بە یەک بنەماڵە بوون، لە شارۆچکەی جندرێس، لە کاتێکدا کە ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە، لەلایەن میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیاوە شەهیدکران.

لە راپۆرتەکەدا روونیکردووەتەوە، کە کوشتنی ئەو چوار برایە لەلایەن ئەندامانی میلیشیاکانی سوپای ئەلشەرقیەوە ئەنجامدراوە، کە بەشێکن لە بزووتنەوەی “تەحریر و بینا”، ئەوانیش یەکێکن لە پێکهاتەکانی “جەیش وەتەنی” کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.

ناوچەی عەفرین بە جندیرێسەوە لەلایەن ئەو میلیشیا چەکدارانەوە داگیرکراوە، کە ناویان لەخۆیان ناوە “جەیش وەتەنی” و سەر بە تورکیان و لە لایەن ئەوانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی