وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەشداری نوێنەرانی خۆسەریی لە پرۆسەی سیاسیدا گرنگە بۆ داهاتووی سووریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند، بەشداری نوێنەرانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ئایندەی سووریا “بابەتێکی گرنگە”.
ئەم گوتانە لەکاتی بەشداریکردنیدا هات لە پرۆژەیەکدا، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵەسی و دامەزراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی ئەوروپاوە، بە هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سازکرابوو و نێردە تایبەتەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بۆ سووریا بەشدارییان تێدا کردبوو.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە دانوستانەکانی سووریادا، گۆڵدریچ گوتی: بڕوامان وایە، کە دەبێت هەموو لایەنەکانی سووریا بەشداربن لە پرۆسەی سیاسیدا و ئەمەش بەڕێوبەریی خۆسەریش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، “بەشداریی ئەوان پێویستە و دەبێت گوێ له دەنگی ئەو ناوچەیەش بگیرێت، کە ئەوانیش بەشێکن لە سووریا”.
هاوکات بریجیت کۆرمی، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە سووریا رایگەیاند، فەرەنسا پشتگیری لە هەموو هەوڵێک دەکات، کە سورییەکان تێێدا کۆدەنگبن بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەسەد بەهێزتربن.
بە ئاماژەدان بەوەی کە “هیچ هۆکارێک نییە بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە باکووری رۆژهەڵات یان هەر بەشێک لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵاتەکە”.