دەستەی هەماهەنگی لە میانی دیدارێکدا لە گەڵ پیدەرسن جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 دەکەنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دەستەی هەماهەنگی نیشتمانی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە دیمەشق لەگەڵ گەیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندی سیاسی یاوەری جەختیان لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکانیان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا کردەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو پیدەرسن گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستوور، کە بەهۆی رەتکردنەوەی رووسیا و حکومەتەوە لە جنێڤ راگیرابوو، دوێنێ دووشەممە رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” باسی لەوە کرد، کە پێدەرسن پێشنیاری ریازی پایتەختی سعودیەی کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان.
لیژنەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ پێدەرسن گفتوگۆیان لەسەر پێویستی ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوان و رفێنراوەکان و روونکردنەوەی چارەنووسی ونبووەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی و خۆبەخشانە کردووەتەوە.
ناوبراو جەختی لە “پێویستی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، کە گۆڕانکاریی دیموکراتی نیشتمانیی ریشەیی و هەمەلایەنە لە سووریا بێنێتە ئاراوە، بە ئاماژە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتبەستن بە بڕیارنامەکان، بە تایبەت بڕیارنامەی 2254، وەک بەرنامەی کار بۆ پرۆسە سیاسیی دانوسانەکان”.
بەپێی بەیاننامەی دەستەی هەماهەنگی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری کردونەتەوە کە هەموو پرسەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254 لە میانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تیمی حکومەتی سووریا باسکراوە.