ئەلوەتەن: پیدەرسن پێشنیاری کردووە کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری لە ریاز ئەنجام بدرێن

دیمەشق – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمیی راگەیاندووە، گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، پێشنیاری کردووە نۆیەمین خولی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا لە ریازی پایتەختی سعودیە ئەنجامبدرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو، پیدەرسن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەڕێوەچوونی خولی نۆیەمی لیژنەی دەستوور گەیشتە دیمەشق.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیاری کردبوو لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، دانیشتنی نۆیەمی لیژنەی دەستوری بەڕێوەبچێت، بەڵام مۆسکۆ بەوە رازی نەبووە و گوتویانە دەبێت لە یەکێک لە پایتەختە عەرەبیەکانی وەک بەغدا بەڕێوەبچێت، ئەمەش لەلایەن واشنتۆنەوە رەتکراوەتەوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیاری کردووە کۆبوونەوەکان لە ریاز بەڕێوەبچن، رەنگە ئەم پێشنیارە رەزامەندی هەموو لایەنەکان بەدەستبهێنێت.

هەروەها رایگەیاندووە، وەڵامی سووریا ئەوە بووە، کە دیمەشق لە هەر کاتێکدا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گفتوگوانە، “بەڵام دەبێت لەسەر زەمینەیەکی بێلایەن بێت و چیتر جنێڤ لای مۆسکۆ پەسەند نییە”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە