لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان: سوریا شوێنێكی سەلامەت نییە بۆ ژیان و گەڕانەوەی ئاوارەكان

رەققە – نۆرس پرێس

سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، پاولۆ پینهیرۆ، ڕایگەیاند، سووریا بۆ ژیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان سەلامەت نییە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیییەكان .

دوێنێ دووشەممە، پینێرۆ لە پەنجا و پێنجەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتی لیژنەکەی سەبارەت بە سووریا پێشکەش کرد.

وتیشی: لەو کاتەوەی شەش مانگ لەمەوبەر دواجار ڕاپۆرتمان بەرزكردووەتەوە، سوریا بووەتە شوێنێکی مەترسیدارتر بۆ ژیان و گەورەترین پەرەسەندنی توندوتیژیمان لە ماوەی چوار ساڵدا بینیوە، لەگەڵ دوژمنایەتییەکی چالاک لە چەندین بەرەدا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بووەتە هۆی بێبەشکردنی ملیۆنان دانیشتوو لە پێداویستییەکانی ژیان و شەپۆلی ئاوارەیی لێکەوتەوە و پێی وابوو کە ئەمە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش).

پینهیرۆ دەشڵێت: سوریا سەلامەتتر نەبووە و هێشتا زۆرێک لە سوورییەکان لە جیاتی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن، ژمارەی ئەو سووریانەی لە مانگی تشرینی یەکەمدا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپا کردووە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی حەوت ساڵدا، لە کاتێکدا ژمارەی گەڕاوەکان بە ڕێژەی 27% کەمیکردووە .

پینهیرۆ داوای لە ئەندامانی ئەنجومەن کرد کە چاوپۆشی لە قەیرانی سوریا نەکەن، چونکە ئێستا 16.7 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، کە زۆرترین ژمارەیە لە سەرەتای قەیرانەکەوە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان