ئەڤین یوسف – قامشلۆ
لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، خوشك و برایەك بە ناوەکانی مەلیكە ئەلشێخ (18 ساڵ) و وەلید ئەلشێخ (16 ساڵ) دوای بەدەستهێنانی خەڵات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئاسیایی، لە بواری وەرزشی كاراتێ دەدرەوشێنەوە.
ئەو دوو گەنجە پشت بە پاڵپشتی باوک و ڕاهێنەرەکەیان دەبەستن بۆ بەردەوامبوون لە یارییەکە و پەرەپێدانی توانا و بیرۆکەکانیان سەبارەت بە وەرزشی كاراتێ.
ڕاهێنانە بەردەوامەکان، شەش کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، رێگر نەبووە لەبەردەم ئەو دوو گەنجە بۆ درێژەدان بە خوێندن ، لە هەمانكاتدا ڕاهێنانە چڕەکان بۆ ئامادەکاریی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان.
وەلید درێژە بە خوێندنی دواناوەندی دەدات، لە کاتێکدا مەلیکە ئەمساڵ لە بەشی فیزیای كۆلێژی زانست لە زانکۆی ڕۆژئاوای سەر بە بەڕێوبەری خۆسەری لە قامشلۆ ناوی خۆی تۆمار کردووە.
بەشداریی یاریزانان پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکانی جەزیرەی تێپەڕكردووە، بەو پێیەی خەڵاتیان لەسەر ئاستی سوریا بەدەستهێنا، دوایینیان ئەوە بوو کە لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا وەک پاڵەوانی کۆمار بۆ کاراتێ لە بەشەکانی خۆیان بۆ ساڵی 2024 خەڵاتیان بە دەست هێنا. هەروەها مەلیكە ساڵی ڕابردوو، لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا کە لە ئوردن بەڕێوەچوو، میدالیای زیوی بەدەستهێنا.
نۆ ساڵ لەمەوبەر وەلید تەمەنی چوار ساڵ بوو کاتێک دەستی بە مەشق و ڕاهێنانەکان کرد لە یانەکەیدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هانی مەلیكە بدا لە تەمەنی نۆ ساڵیدا پەیوەندی بە مەشقەکانەوە بكات.
وەلید بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، سەرەڕای بچووكی تەمەنی لەو کاتەدا، بەڵام لەو لێدان و پێکانەكان نەدەترسا لە پێناو سەركەوتن.
لای خۆیەوە مەلیکە دەڵێت: کاراتێ لەو کاتەدا لەنێو کچانی ناوچەکەدا باو نەبوو، بەڵام کاتێک سەیری ڕاهێنانی براکەمم دەکرد، پێم خۆش بوو ئەم یارییە بكەم و وەکو ئەو فێری بم.
ئەو دوو یاریزانە سەرەتا بەشدارییان لە پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان کردووە لە سەرانسەری جەزیرە، لەوێ یەکەم سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
وەلید بۆ یەکەمجار لەساڵی 2018 بەشداری پاڵەوانێتی کۆمار کرد، لەوکاتەدا میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا و ساڵی دواتر خەڵاتی زیوی بەدەستهێنا، ئەمساڵیش لەگەڵ خوشکەکەی خەڵاتی زێڕیان لە دیمەشق بە دەست هێنا.
مەلیكە لە ساڵی ڕابردوو لە پاڵەوانێتی کاراتێی ڕۆژئاوای ئاسیا لەگەڵ سێ کچی دیکەی هەڵبژاردەی سوریا بەشدار بوو كە لە ئوردن بەڕێوەچوو و 11 وڵات بەشدارییان تێدا كردبوو. توانی لە پاڵەوانێتییەکەدا میدالیای زیو بەدەست بێنێت.
ئەم كچە گەنجە ئەو بەربەستانەی لەبیرە کە بەبێ پشتیوانی خێزانەکەی و هاندانی باوکی نەیدەتوانی بەسەریان زاڵ بێت. لەوانە تێڕوانی كۆمەڵگا سەبارەت بە بەشداریکردنی کچان لە وەرزش بەگشتی و هونەری جەنگی بەتایبەتی. چونكە کۆمەڵگا بیرۆکەی کاراتێی کچانی قبوڵ نەدەکرد، پێیان وابوو تەنیا بۆ پیاوانە.
بە گوتەی مەلیکە ناونوسینی کچانی دیکە لە ڕاهێنانی کاراتێ لە ساڵانی ڕابردوودا نیشاندەری سەرکەوتن و گۆڕانکارییە لەو بیركردنەوەی کە پێشتر وەرزشی کاراتێی وەک عەیبێک بۆ کچان دەبینی.
هەندێک لە یاریزانان ناتوانن بەشداری پاڵەوانێتییەکانی پایتەخت، دیمەشق، لازقییە، یان دەرەوەی وڵات بکەن، چونکە خۆیان و خێزانەکانیان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی ناتوانن خەرجی گەشت و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئەستۆ بگرن. بەڵام باوکی مالیکە و وەلید جگە لە خوێندن گرنگی بە خولیای وەرزش و مۆسیقا دەدات و هەست بە شانازی دەکات بەو ئەنجامانەی بەدەستیان هێناوە.