داعش بەرپرسیارێتی چەند هێرشێك لە سوریا و عێراق لە ئەستۆ دەگرێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ڕێگەی پێگە ئەلیكترۆنییە نزیکەکانی خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێرشێکی دیکە دژی سوپای عێراق راگەیاند.

پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماقی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بڵاوکردووەتەوە چەکدارانی ڕێکخراوەکە کۆبوونەوەیەكی چەکدارانی هەسەدەیان لە بارەگایەکی شارەوانی ئەبریهە لە ناوچەی بوسەیرە لە گوندەواری دێرەزوور کردە ئامانج، بەهۆیەوە ژمارەیەکیان بریندار بوون.

لەلایەكی دیکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، چەکدارانی داعش لە نزیک شارۆچکەی ئەلشەحیل لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەندامانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج و ئەندامێكی هەسەدەیان بریندار کردووە.

نۆرس پرێس نەیتوانی راستی ئەو دوو هێرشە پشتڕاست بکاتەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموكرات تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم هێرشانە نەداوە.

ئەو ماڵپەڕانەی سور بە داعش ئاماژەیان بەوەشکردووە لە عێراق، چەکدارانی داعش لە بیابانی ڕاوە لە قەزای ئەنبار بۆمبی چێندراویان لە دژی ئەندامانی حەشدی عەشایەری سەر بە سوپای عێراق تەقاندووەەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان