رابیتهی کۆمەڵایەتی عەفرین داوای کۆتاییهێنان بە “داگیرکاریی تورکیا” و گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەن دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ دووشەممە لە قامشلۆ، رابیتهی کۆمەڵایەتی عەفرین داوای کۆتایی هێنان بە “داگیرکاری تورکیا”ی له ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان و گوندهواری حهلهب و گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانه كرد.
ئەو رابیتهیه لە راگهیهندراوێكدا بەبۆنەی ساڵیادی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ناوچەی عەفرین، رایگەیاندووە، ئەو ناوچەیە سەلامەتترین ناوچەی سوریا بووە و هەزاران هاووڵاتی ئاوارەی سوریای وەرگرتووە، بەڵام لەشکرکێشی تورکیا کردوویەتی بە ناوچەیەکی نائارام کە تیایدا گرووپه تیرۆریستییەکان لە داعش و ئەندامانی بهرهی نوسره تیایدا گردبوونهتهوه.
ههروهها ئاماژە بە لەناوبردنی سیستماتیکی شوێنهوار و سروشتی ناوچەکە و بڕینی هەزاران درەختی بهتهمهن و پێشێلکاریی ڕۆژانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی لەسەر ههیه.
هێمای بۆ ئەوەش کراوه تورکیا زیاتر لە 40 شوێنی نیشتەجێبوونی لە عەفرینی داگیركراو دروستکردووه و زمانی تورکی سەپاندووه و ناوی گوند و ناوچەکانی گۆڕیوه و ناسنامەی کوردی سڕیوەتهوه.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی مافی مرۆڤ کراوە کاربکەن بۆ کۆتایی هێنان بە کۆنترۆڵی تورکیا بەسەر ناوچەکە و گەڕاندنەوەی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە.