هیومان رایتس وۆچ لە سەر بۆردوومانەکەی سوەیدا هاتە دەنگ

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، دەبێت ئوردن لێپرسینەوە لەو هێرشە ئاسمانییانەی باشووری سووریا بکات، کە بووە هۆی کوژرانی 10 کەس، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانەی کە ژنان و منداڵانی تێدا کوژران، وەک لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕۆژی 18ی کانوونی دووهەم، لە هێرشەکانی ئوردندا بۆ سەر شارۆچکەکانی عرمان و ملح لە گوندەواری سوەیدا، زیاتر لە 10 کەس کوژران.

هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکە، وەزیری دەرەوەی ئوردنیان خستنەڕووی وردەکانی رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تا رۆژی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە هیچ وەڵامێکی نەبووە.

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەکە، گوتی، “هێرشە ئاسمانییە سنوورییەکان کە هاوڵاتیانی سڤیل تیایدا بوون بە قوربانی، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە، بەبێ گوێدانە ئەو مەترسییەی کە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە باشووری سووریاوە دروستی دەکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە ئوردن هێرشە سەربازییەکان بۆسەر ئامانجە ناسەربازییەکان رابگرێت و قەرەبووی قوربانیانی هێرشەکانی پێشوو و خێزانەکانیان بکاتەوە”.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە پێشنیاری کردووە کە ئوردن لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە و بێلایەنانە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی 18ی کانوونی دووهەم ئەنجام بدات و دڵنیابێت لەوەی کە بەرپرسانی پێشێلکار لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و کەسوکاری قوربانییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە