وەزارەتی بەرگری سووریا: بە هۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر گوندەواری دیمەشق سەربازێک برینداربوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، سەربازێکی سووریا لە بۆردومانێکی ئیسرائیلیدا لە گوندەواری باشووری دیمەشق بریندار بووە.

لە لێدوانێکدا لەسەر بۆردومانەکە وەزارەتەکە رایانگەیاندووە، “نزیکەی کاتژمێر یەکی دوای نیوەی شەو، دوژمنی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە دەستپێکرد و ژمارەیەک ناوچەی لە باشووری دیمەشق کردە ئامانج”.

هێزەکانی بەرگری سووریا بڵاویانکردەوە، سیستمە بەرگرییەکانیان وەڵامی مووشەکەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە و بەشێکیان خستووەتە خوارەوە و سەربازێکی سووریا برینداربووە، زیانی ماددیشی لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا کەوتوەتەوە.

لەکاتێکدا ماڵپەڕەکانی راگەیاندنی ناوخۆ بڵاویانکردەوە کە بۆردومانەکەی ئیسرائیل پێگەی ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانی لە فڕۆکەخانەی ناسریە لە رۆژهەڵاتی قلمۆن لە گوندەواری باشووری دیمەشق کردوەتە ئامانج.

باس لەوەش کرا کە بۆردومانەکە کۆگاکانی چەکی هێزەکانی حکومەتی لە کێڵگەکانی دنحە لە دەوروبەری شاری یابرود، کە هاوکات لە ناوچەی قلمۆنە، کردوەتە ئامانج.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش