مەزڵوم عەبدی لە یادی شەهیدانی دژە تیرۆردا: بە پشتیوانی گەلەکەمان هێرشەکانی تورکیا پوچەڵ دەکەینەوە
مەنبیج – نۆرس پرێس
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی نۆ شەهیدی یەکینەکانی دژە تیرۆردا (YAT) گوتارێکی پێشکەش کرد، کە لە 15ی ئازاری ساڵی رابردوودا لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەردا شەهید بوون، لەکاتێکدا ئەوان بە ئەرکێکی فەرمی بەرەو شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەڕۆیشتن.
عەبدی تیشکی خستە سەر رۆڵی ئەو شەهیدانە لە دامەزراندنی هێزەکانی دژە تیرۆردا (YAT)، هەروەها ستایشی قارەمانێتییانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی “داعش” و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەوان، هەروەک جەختی لەسەر رۆڵی سەرەکییان کردەوە لە جێبەجێکردنی زۆرێک لە هەڵمەتە سەربازییەکاندا، کە بە سەرکەوتوو ناوی بردن.
فەرماندەی گشتی بەڵێنیدا لە یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونیاندا درێژە بە خەباتی ئەو شەهیدانە بدات.
ئاماژەی بە هێرش و پەلامارەکانی هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەوان کرد، گوتی: “ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکە و تێکدانی ئامرازەکانی بژێوی ژیانە”، کە ئەوان هەوڵی فراوانکردنی دەدەن، جەختی لەوە کردەوە “هەروەک چۆن هەموو هێرشەکانی پێشوومان پووچەڵکردەوە؛ بە پشتیوانی گەلەکەمان رووبەڕووی ئەم هێرشانەش دەبینەوە”.
عەبدی لە میانەی وتارەکەیدا روونیکردەوە، ساڵی رابردوو لەکاتی شەهیدبوونی ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەدا، بەڵێنیان داوە، کە بەردەوام بن لە تێکۆشان و بەهێزکردنی یەکینەکانی دژە تیرۆر (YAT) و پەرەپێدانی هێز و دامەزراوە سەربازییەکان بە گشتی.