ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا: تا چارەسەری سیاسی لە سووریا دەست پێنەکات، سزاکانی سه‌ر ئه‌و وڵاته هه‌ڵناگرین
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا له راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا رایانگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی ناکەنەوە و سزاکانی سەری هەڵناگرن یان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا ناکەن تا چارەسەری سیاسی دەست پێنه‌کات، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی هەڵوێستی كۆنی ئه‌م چوار وڵاته‌یه لەسەر حکومەتی دیمەشق.
ئەو چوار وڵاتە بەبۆنەی 13 ساڵەی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا، داوای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ده‌كه‌ن، کە بووەتە بازرگانییەک به‌هۆیه‌وه “ڕژێمی سوریا” ملیۆنان دۆلاری ده‌ست كه‌وتووه، هەروەها داوای وەستاندنی توندوتیژییەکان ده‌كه‌ن له‌م وڵاته.
دا‌واشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووه گه‌ره‌نتی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لە رۆژئاوای كوردستان بدۆزرێتەوە، له‌گه‌ڵ پرسی دەستگیرکراوانی داعش. ئاماژەیان بەوەشکردووه، رۆژئاوای كوردستان رووبه‌ڕووی پەرەسەندنی زیاتری توندوتیژییەکان بووە، لەنێویاندا هێرشەکانی داعش.
لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو واشنتۆن، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەوڵەکانیان لەسەر کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی سوریا چڕ دەکەنەوە و فشار ده‌كه‌ن بۆ لێپرسینەوە و به‌دیهێنانی دادپەروەری.
هه‌روه‌ها پێشوازی لە پێشنیازی گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌كه‌ن کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری لە جنێڤ ئەنجام بدرێت، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بانگهێشتنامەکە قبوڵ بکەن و بە جددی بەشداری کارەکانی لیژنەکە بکەن.
چوار وڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە مەرجەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی و خۆبەخشانە بۆ سوریا، بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێشتا جێبەجێنەکراون، داوای لە حکومەتی سوریا کرد چاکسازی پێویست بکات بۆ پاراستنی ئازادی و کەرامەت و مافەکانی مرۆڤ، ده‌شڵێن بڕیارنامەی 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایش تاکە میکانیزمی بژاردەیە کە بتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بۆ گەلی سوریا بەدەستبهێنێت.