ههولێر – نۆرس پرێس
لە (16ی ئاداری ساڵی 1988) و لهرۆژێكی وهكوو ئهمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری شارەکەیان بە چهكی کیمیایی بۆمباران کرد، بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھیدبوون و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، كه %68 تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە.
ئهو بۆردومانهی بۆوههۆی وێرانكردنی زیاتر له 195 گوند، و سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.
تا ئێستاش زیاتر له 900 بریندار هێشتا کاریگەری گازە کیمیاییەکانیان لەسەر ماوەو، هاوکات نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندەو نەخۆشییەکانی دڵ 4 هێندە لە نێو دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتربوون، کیمیابارانەکە کاریگەری لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکان پێست و چاو هەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆری بریندارەکان چارەسەری بەردەوام وەردەگرن.
رۆژنامەى “دی تاگستایتونگ”ـی ئەڵمانی، لە (ساڵی 2002)دا ئاشكرایكرد، كه زیاتر لە 158 کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی هاوکاری رژێمی بەعسیان كردووه، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی جۆراوجۆر بە چەکی کیمیایی و بایلۆژییەوە.
كه 80 کۆمپانیای ئەڵمانی و 24 ئەمەریکی، 8 فەرەنسا، بەریتانی 17، ژاپۆن 5، رووسیا 6، بەلجیکا 7،چین 3،ئیسپانیا 3،هۆڵەندا 3، و 2 كۆمپانیای سویدی.
دواى شەڕی ئازادی عێراق و دەستگیرکردنی سەرانی بەعس، عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە (عەلی کیمیاوی) دوای دەستگیرکردنی لە (حوزەیرانی 2007)، وەک تاوانبارى سەرەکیى كیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، دوای دادگاییکردنی لە (25ی کانوونی دووەمی 2010) لە سێدارەدرا.
پەرلەمانی عێراق لە ( ساڵی 2011) لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 44 دا بەبڕیاری ژمارە 12ی دۆسیەی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند، هەروەها دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیش له ساڵی (2010) کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینۆساید ناساندبوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، ئامادە نەبوونه قەرەبووی گیانیی و ماددی هاووڵاتییانی هەڵەبجە بکەنەوە.