ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل کۆدەنگە لە سەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە غەززە و رەفەح

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بێنی گانتز، ئەندامی ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئەنجومەنی جەنگ لەسەر پێویستی درێژەدان بە ئۆپراسیۆنی زەمینی لە غەززە لە نێویاندا ناوچەی رەفەح بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس رێککەوتووە و کۆدەنگ بووە، ئاماژەی بەوەشدا پرسێک بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە ئێستادا لە ئارادا نییە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە بانگەوازەکان بۆ ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شاری رەفەح، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە لەزیادبووندان.

دوابەدوای پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئۆپەراسیۆنی رەفەح، ئەم لێدوانانە بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی نەتانیاهۆ لە بەرامبەر ئیدارەی ئەمریکادا دێن.