سەرکردەیەکی مەسەدە: ئۆپۆزسیۆنی پەرت و لێکترازاوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکردەیەکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەدەست پەرتپەرت بوون و لێکترازاوییەوە دەناڵێنێت و ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی فراوانترین توێژی “ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی” لەژێر چەترێکدا.
سبەی هەینی 13 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕ لە سووریادا تێدەپەڕێت و لە نێوان چارەسەرە سیاسییە لاوازەکاندا، وڵاتەکە بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و زۆربەی دانیشتوانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
عەلی رەحمون، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەنجومەنەکە هەوڵدەدات، لە رێگەی دیالۆگی سووریا و سووریاوە، هەموو ئۆپۆزسیۆن و هێزە دیموکراتییە نیشتمانییەکان کۆبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەستنی کۆنفرانسێک بۆ ئەو هێزانە نوێنەرایەتی فراوانترین بەشی ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس گوتی: ئەنجومەنی سووریای دیموکرات توانیویەتی باکووری سووریا بکاتە “پەنجەرەیەکی نیشتمانی بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی سووریا کە باوەڕیان بە چارەسەری سیاسی هەیە”.
رەحمون رایگەیاند کە لە دوایین کۆنفرانسدا گۆڕانکاری کارگێڕیی لە پێکهاتەی ئەنجومەنەکەدا روویداوە، ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک ئەندامی لێهاتوو و بەتوانایان لەخۆگرتووە “بۆ پشتگیریکردنی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە کارەکانیدا”، ئەمەشی بە “گۆڕانکاری بنەڕەتی” وەسف کرد.