بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە مانگی رەمەزاندا لە حەسەکە و گوندەوارەکەی
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە نرخی مریشکی زیندوو بەشێوەیەکی سەیر و لەناکاو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان، بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە زیاتر لە 40 هەزار لیرەی سوری لە فرۆشگا جۆراوجۆرەکانی شاری حەسەکە و گوندەوارەکەیدا، لەکاتێکدا لەسەرەتای ئەم هەفتەیە و پێش هاتنی مانگی رەمەزان بە نزیکەی 26 هەزار لیرە دەفرۆشرا .
بازرگانانی گۆشت لە بازاڕە ناوخۆییەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەگەڕێننەوە بۆ وەستانی هاوردەکردن لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە لە باکووری رۆژئاوای سووریاوە، ئەمە جگە لە وەستانی بەرهەمی زۆرێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان لە ناوچەکەدا، دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی “نیوکاسڵ”، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر جوچکەی مریشک لە مانگی رابردوودا.
فەرمانگەی پاراستنی بەکاربەران لە بڵاوکراوەی رۆژانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویانکردەوە، فرۆشتنی مریشکی سەربڕدراو و ران و باڵیان بە هەمان نرخ، بە 35 هەزار و 500 لیرە دیاریکردووە، و کیلۆی سنگی مریشکیان بە 54 هەزار لیرە دیاریکرد.
فرۆشیاران دەڵێن ئەم نرخانە لە خوار نرخی کڕینەوەن و ئەگەر بەو نرخانە بیفرۆشن زیانێکی گەورەیان لێدەکەوێتەوە.
فەرمانگەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، تیمی گەڕۆکی سەرپێچییان رێکخستووە دژی بە خاوەن دوکانەکان، کە سەرپێچی نرخەکانیان کردووە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بازرگانەکان دەستگیر بکەن.