ئەنجومەنی نیشتمانی کورد داوا لە هاوپەیمانی و تورکیا دەکات پێشێلکارییەکان لە عەفرین کۆتایی پێبێت
عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە عەفرین”ی رۆژئاوای کوردستان، داوای لە هەردوو هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و تورکیا کرد، کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی عەفرین بهێنن، ئەمەش لە پاشخانی شەهیدکردنی منداڵەکە کوردەکەی شارۆچکەی جندرێسی سەر بە عەفرینی داگیرکراودا هات، کە دوێنێ بە دەستی هاوردەیەک شەهیدکرا و دواتر فڕێدرایە ناو بیرێکەوە.
ئەنجومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، “ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە تیرۆریستییەی کە لە شەوی نەورۆزدا بەرامبەر خێزانێکی کورد ئەنجامدرا، کاتێک چەکدارەکان تەقەیان لەو گەنجانە کرد، کە سەرقاڵی داگیرساندنی بڵێسەی نەورۆز بوون”.
ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد ئەندامی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنە و لە راگەێنراوەکەیدا داوای لە هاوپەیمانی و حکومەتی کاتی ئەو هاوپەیمانێتیە کردووە کە “رۆڵی نیشتمانی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان ببینێت و کۆتاییهێنان بە هەموو پێشێلکارییەک بهێنێت”.
هاوکات داوایان لە تورکیا کرد بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ لە هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بەرامبەر هەموو پێشێلکاری و نادادپەروەرییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رۆڵی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لەو ناوچەیە بگێڕێت.