“هەسەدە” شەڕێکی هۆزەکان لە دێرەزوور کۆنتڕۆڵ دەکەن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، لە شارۆچکەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا لە شەڕی هۆزەکاندا، پێنج کەس برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەی شحێل لە گوندەواری دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شەڕە تفەنگ لە نێوان دوو بنەماڵەی هۆزی عەگیداتدا روویدا، شەڕەکەش بەهۆی تۆڵەسەندنەوەیەکی کۆنەوە بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی پێکدادانێکدا، چوار کەس لە هەردوولا برینداربوون، کەسێکی دیکەش بە گولەی وێڵ برینداربووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزی سەربازییان هێنایە شارۆچکەکە و بەربەستیان دانا و رێگریان لە شەڕەکە کرد.