ئیسرائیل دوو پێگەی سوپای سووریا دەکاتە ئامانج

دیمەشق – نۆرس پرێس

کەناڵێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دوو باڵەخانەی سەرەکی سوپای سووریای لە هێڵەکانی بەرکەوتن لە نو خاکی سووریادا کردووەتە ئامانج کە حزبوڵڵا تێیدا چالاکە.

کەناڵی 13 لە زاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، “هێرشەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ئەنجامدراوە کە بووەتە هۆی بەئامانجکردنی ئەو ژێرخانانە”.

دوێنێ سێشەممە سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا چوار هەزار و 500 ئامانجی حزبوڵڵایان لە سووریا و لوبنان کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە 300 ئەندامی حزبوڵڵا کوژراون و 750 کەسیش برینداربوون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەنێو ئەو کەسانەی “حزبوڵڵا” کە کوژراون، پێنجیان سەرکردەی باڵا بوون. دەشڵین ئەوانەی کراونەتە ئامانج، موشەک و دژە تانکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج، شوێنی هەڵگرتنی چەک و دامەزراوە سەربازییەکانن، کە بۆ چالاکییە هێرشبەرەکانی حزبوڵڵا بەکار دەهێنران، هەروەها ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکان کراونەتە ئامانج.

لە راگەێنراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە کراوە کە “لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، لە سووریا و لوبنان، زیاتر لە هەزار و 200 ئامانجی حزبوڵڵا لە ئاسمانەوە و زیاتر لە سێ هەزار و 100 ئامانجی دیکەیان لە زەویەوە بۆردوومان کراون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە