لە حومسی ناوەڕاستی سووریا دوو ئەندامی گرووپێكی سەر بە ئێران كوژران

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ، لە رۆژهەڵاتی حومسی ناوەڕاستی سوریا، دوو ئەندامی لیوای قودسی لایەنگری ئێران لە هێرشێکدا کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی ئەو گرووپەی کردە ئامانج، کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ئەندامێکی گرووپی لیوای قودسی لایەنگری ئێران لە شاری تەدمور لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، کوژرا.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا کە ئەندامانی لیوای قودسی هەڵگرتبوو، ئەو ئەندامانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خولێکی مەشق و ڕاهێنانیان تەواو کردبوو بۆ ئەوەی بچنە شوێنی کارەکەیان لە شاری تەدمور .

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ئەندام و برینداربوونی سێ ئەندامی دیکە، دواتر لە ئەنجامی هێرشەکە لیوای قودس هێزی سەربازیی هێناوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە مەدەنییەکانی شاری تەدمور. بەپێی سەرچاوەکە، سەرجەم ئەندامەکان خەڵکی شاری تەدمورن، و ماوەی مۆڵەتی تەواوکردنی خولەكەیان لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر دەبرد.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان