هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان 14 بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیركرد

حەسەکە – نۆرس پرێس

 هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان دەستگیرکردنی 14 بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری حەسەکە راگەیاند.

مانگی رابردووش، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، هەوڵێکی قاچاخی دوو سەد هەزار حەبی ماددەی هۆشبەریان پووچەڵ کردووەتەوە لەسەر رێگای بەیەكتربەستنەوەی شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە .

دوێنێ، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد لە ئەنجامی کارە بەردەوامەکانی بەشی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان لە بەدواداچوون بۆ فایلەکانی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر، هێزەکانیان چەندین هەڵمەتیان بۆ سەر فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر ئەنجامداوە لە شاری حەسەكە.

ماڵپەڕی فەرمیی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو، دەست بەسەر چەندین پارچە چەک و بڕێك پارە و حەبی مادەی هۆشبەردا گیراوە، دەستگیرکراوانیش رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە