هێزەکانی تورکیا ژمارەیەك دەستگیركراویان لە گوندەواری عەفرینەوە گواستەوە بۆ ناو خاكی توركیا
گوندەواری باکووری حەلەب – نۆرس پرێس
دوێنێ، دەسەڵاتدارانی تورکیا 15 دەستگیرکراویان لە زیندانی کفر جەننەی گوندەواری عەفرینی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستانەوە گواستەوە بۆ زیندانێکی ناو خاکی توركیا.
سەرچاوەیەک لە میلیشیای شورتەی عەسكەری دڵسۆز بۆ تورکیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 15 دەستگیرکراویان لە زیندانی کفر جەننە لە ڕۆژهەڵاتی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ زیندانێکی ناو خاکی تورکیا، دوای ئەوەی نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرێوبەری خۆسەری پێش کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کرابوون.
ئەو دەستگیرکراوانە لە ڕێگەی دەروازەی ئەلحەمامەوە لە گوندەواری قەزای جندیرێس گواستراونەتەوە و ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی ئەم مانگەدا ئەمە سێیەمین گواستنەوەی دەستگیركراوانە بۆ ناو خاکی تورکیا لە هەمان زیندانەوە.