هەواڵگری ئەمریکا هۆشداری دەدات لە کاریگەری “تیکتۆک” لەسەر هەڵبژاردنەکان

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ، ئەڤریل هاینز، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا، لە میانی دانیشتنی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا رایگەیاند، رەنگە چین ئەپڵیکەیشنی “تیکتۆک” بەکاربهێنێت بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2024دا.

لە وەڵامی پرسیارێکی نوێنەری دیموکراتەکاندا، راجا کریشنا مورتی، سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی “تیکتۆک” لە لایەن پارتی شیوعی دەسەڵاتداری چینەوە بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان، هاینز گوتی: “بەدووری نازانین پارتی شیوعی چین ئەوە بەکار دەهێنێت”.

کریشنا مورتی دیموکراتێکی پلەدارە لە لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کاروباری چین.

هۆشداریی هەواڵگریی ئەمریکا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەڵمەتێکی دژ بە “تیکتۆک” دەستپێکرد، بۆ قسەکردن لەگەڵ گەنجان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان لەم بەشە فراوانەدا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی بی سی”، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند، تیکتۆک هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

ترەمپ نیگەرانییەکانی خۆی دووپاتکردەوە لەکاتێکدا کۆنگرێس لەم هەفتەیەدا تاوتوێی پڕۆژە یاسایەک دەکات، کە نزیکەی شەش مانگ مۆڵەت دەدات بە کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنی تیکتۆک بۆ ئەوەی کۆتایی بە کاری “تیکتۆک” لە ئەمریکا بهێنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دەنگ لەسەر یاسایەک بدات کە وادەیەکی خێرا دەدات بە کۆمپانیای “بایتدانس” بۆ کشاندنەوەی وەبەرهێنانەکانی لە بەرنامەکەدا کە 170 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی بەکاریدەهێنن.