کوژرانی سێ کۆکەرەوەی دومبەڵان لە گوندەواری رەققە

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، لە کاتی کۆکردنەوەی دومبەڵان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەقە، بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە سێ کەس کوژران، لە نێویاندا منداڵێک هەبوو.

بەپێی ئامارەکانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، پاش دەستپێکردنی وەرزی کۆکردنەوەی دومبەڵان، دەیان کەس بەهۆی رووداو و کوشتنی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات وەرزی دروێنەکردنی دومبەڵان لە ساڵی رابردوودا بووە هۆی مردن و برینداربوونی نزیکەی 300 کەس.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە ناوچەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، لە گوندی ئەلجابر لە بیابانی رۆژهەڵاتی رەققە، لە کاتێکدا کرێکارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومبەڵان بوون، مینێک پێیاندا تەقیوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەحمەد ئەلمحەممەد ئەلهندی (35 ساڵ) و کوڕەکەی محەممەد ئەحمەد ئەلمحەممەد ئەلهندی (13 ساڵ) و براکەی عەبدولموحسین ئەلمحەممەد ئەلهندی (27 ساڵ) بە تەقینەوەی مینەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەفتەی رابردوو لە هێرشێکدا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، کە پێدەچێت لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە کرابێتە سەر کاروانێکی کرێکاران، لە گوندەواری باشووری دێرەزوور.

ئامادەکردنی: سەعید ئەلهایس – داڕشتنەوەی: محەممەد ئەلقازی