وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێ بە هەماهەنگی لە گەڵ عێراق ئۆپەراسێۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، کە کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵ شاندێکی عێراقی ئەنجامداوە و تیایدا ئاسایشى هێڵى سنووریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکراوە.

وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، کە “رێوشوێنەکانی پاراستنی ئاسایشى هاوڵاتییانى عێراق باسکراوە، بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکانى عێراق ئۆپراسیۆنەکانیان لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت”.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، فەرماندەی دووهەمی سوپای تورکیا، فەریق روکن مەتین تۆکەل لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆی عێراق کۆبوونەتەوە و لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا عێراق رەزامەندی پیشانداوە کە تورکیا هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

لەمڕۆژانەدا لە رێگەی بەشێک لە تەوەرنووس و رۆژنامەوانانی ناوخۆی تورکیاوە باس لە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا و هەرێمی کوردستان کراوە و کاتی جیاواز بۆ دەستپێکردنیشی دیاریکراوە.