بەڕێوبەری خۆسەری نرخی وەرگرتنی لۆکەی جوتیارانی دیاریکرد
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێک لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، دانانی نرخی لۆکە بە زیادکردنی قازانجێک هاتووە کە دەکاتە نیوەی تێچووی چاندنەکەی.
یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان نرخی کڕینی لۆکەی لە جووتیاران بە 43000 لیرەی سووری دیاریکرد، بۆ هەر کیلۆیەک.
محەمەد ئەلدەخیل هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری رایگەیاند، دانانی نرخەکە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هاتووە کە بەرپرسانی خۆسەری و نوێنەرانی یەکێتی جوتیاران ئامادەی بوون.
بە وتەی محەمەد، لیژنە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان لەسەر دانانی نرخ ئەنجامدا، لە ئەنجامدا؛ پێشنیارەکان پێشکەش بە دەسەڵاتی کشتوکاڵ و ئاودێری کرا سەبارەت بە نرخێکی گونجاو بۆ کڕینی لۆکە.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تێچووی چاندنی یەک دۆنم لۆکە 2750 لیرەی سورییە بۆ هەر کیلۆگرامێک هەروەها بڕی 1550 لیرە وەک قازانج دانراوە کە دەکاتە نزیکەی نیوەی تێچووەکەی و نرخەکەی بە 4300 لیرەی سووری دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەری خۆسەری بەنیازە تەواوی بەرهەمی لۆکە لە جووتیارانی سەر بە ناوەندەکانیان، لە رۆژئاوای کوردستان بکڕێت.
باسی لەوەش کرد کە بەڕێوبەری خۆسەر سێ ناوەندی بۆ کڕینی لۆکە کردۆتەوە؛ لە هەرسێ ناوچەی رەققە، دێرەزور و حەسەکە.
هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت تێکڕای بەرهەمی یەک دۆنم بگاتە 2750 کیلۆگرام لە لۆکە.
وتیشی، ئەو ناوچەیەی بۆ ئەمساڵ لۆکەی تێدا چێنراوە؛ یەکسانە بەو ڕووبەرەی کە ساڵی ڕابردوو چێندرابوو کە 45 هەزار دۆنمە.