یادی 20 ساڵەی راپەڕینی قامشلۆ بەرز راگیرا

ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتوان و بەرپرسانی بەڕێوبەریی خۆسەریی، یادی 20 ساڵەی راپەڕینی قامشلۆیان بەرز راگرت، کە تیایدا دەیان شەهید بوون و سەدان دەستگیرکران.

رووداوەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە مشتومڕ لەنێوان هاندەرانی هەردوو تیپی تۆپی پێدا روویدا، لە کاتی یارییەکەدا کە لە شاری قامشلۆ لە نێوان یانەکانی ئەلفەتوا و جیهاددا بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی ئەلفەتوا هاندەرانی جیهادیان بەردباران کرد، بەڵام دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و بەکارهێنانی فیشەکی زیندوو لە دژی هاندەرانی جیهاد، دۆخەکەی شڵەژاند.

پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ لەڕێگەی بەیاننامە و لێدوانی جیاوازەوە سەرکۆنەی “مامەڵەی دڕندانەی رژێمی سوریایان کرد، بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی بێ چەک و دەزگا ئەمنییەکانی سوریایان تۆمەتبارکرد بەوەی “هەوڵی هەڵگیرساندنی ئاگری ململانێی نێوان کورد و عەرەب دەدەن”.

لە میانەی ئەو چالاکییەدا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلانی دێموکرات لە ناوچەی جەزیرە، حیکمەت حەبیب، رایگەیاند کە رووداوەکان لەو ساتەوەختەوە سەریان هەڵداوە “چونکە رژێم پێشوەختە پلانی هەبووە بۆ لێدان لە پێکهاتەکانی ناوچەکە”.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەڕێوبەریی خۆسەریی بە عەقڵیەتی رژێمی سووریا مامەڵەی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە نەکردووە و ئاشتی گشتی پاراستووە”.

لە کاتێکدا کەنعان بەرەکات، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی ناوخۆیی لە هەرێمی جەزیرە، رایگەیاند کە رووداوەکانی راپەڕینی قامشلۆ “یەکێک بوو لە سیاسەتە رەگەزپەرستییەکانی رژێمی سووریا دژ بە گەلی کورد پەیڕەویان کرد”.

هەروەک یادکردنەوەکانی ساڵانی رابردوودا، چالاکییەکەی ئەمڕۆش یارییەکی دۆستانە بوو لە نێوان هەمان دوو یانەدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەستی دۆستایەتی و برایەتی نێوان دانیشتوانی ئەو دوو شارە، یاریگاکە ناوی لێنراوە “یاریگای شەهیدانی 12ی ئازار” بۆ یادی قوربانییەکان، کە لەو رووداوانەدا شەهید بوون.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش