سوپای لوبنان رزگارکردنی 20 هاووڵاتی سووری لە خنکان رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

سوپای لوبنان، ئه‌مڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەیان بە قاچاخ به‌ دەریای ناوەڕاست 20 هاووڵاتی سوورییان لە خنکان لە کەناراوەکانی شاری تەرابلوس لە باکووری لوبنان رزگار کردووە.

سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری لوبنان لەگەڵ سووریا زیاتر لە مانگێکە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری سووریا، شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون بەخۆیەوە دەبینێت، كۆچبه‌ره‌كان هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ ئەوروپا ده‌ده‌ن بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر.

سوپای لوبنان لە رایگەیاندووە، زانیاری لەسەر نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی شاری تەرابلوس لە باکووری لوبنان لەبەردەستدا بوو، لەکاتێکدا بۆ به‌ قاچاغبردنی هاووڵاتیان بۆ ئه‌وروپا بەکاردەهێنرا.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، توانیویانه‌ 20 هاووڵاتی سووری ڕزگار بکه‌ن، لەنێویاندا ئافره‌ت هه‌بووه‌.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی