داعش ئەنجامدانی دوو هێرش دژی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور دەگرێتە ئەستۆی خۆی
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، داعش لە ڕێگەی پێگە ئەلیكترۆنییە نزیکەکانی خۆیەوە، رایگەیاند دوو هێرشیان لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە.
پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماقی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بڵاوکردووەتەوە چەکدارانی ڕێکخراوەکە دوو ئەندامی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا بوون لە شارۆچکەی حەسان لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنەكە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەو دوو ئەندامەی هەسەدە.
لە راگەیەندراوێكی دیكەدا ئەو ماڵپەڕەی سەر بە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە ئەوەی خستوەتەڕوو، چەکدارانی داعش لێکۆڵەرێکیان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆئاوای كوردستان لە شارۆچکەی حەسان لە ڕۆژئاوای دێرەزوور کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ئەو ئەندامەی ئاسایش.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هێزەکانی هەسەدە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستیکردەوە، لە شارۆچکەی حەسان ئەو دوو هێرشە ڕوویانداوە.