لە یادی هەڵگیرسانی جەنگدا لە سووریا.. نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخەکە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە سووریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەر چوار کەس سێ کەس پێویستیان بە فریاگوزاری هەیە و زیاتر لە نیوەی دانیشتووانیش بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، دەشڵی “هەوڵی کۆمەڵگاکانی سووریا تەنها بۆ مانەوەیانە”.

گوتارەکەی گۆتێرێس لە یادی 13 ساڵەی دەستپێکردنی شەڕی سووریادا هات.

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەێنراوێکدا گوتی: ئەمە لە کاتێکدا روودەدات، کە ئاستی هاوکارییە مرۆییەکان دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سووریای پێش جەنگ هێشتا لە ناوخۆ یان دەرەوەی سووریا ئاوارەن.

گۆتێرێس دەڵێ، “دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ، زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردن ، کوشتن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگا، توندوتیژی سێکسی و جێندەری، ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی تری مامەڵەی خراپ هەموویان بەردەوامن و رێگرین لە بەردەم ئاشتییەکی بەردەوامدا لە سووریا”.

ئاماژەی بەوەشدا کە هەمووان بەرپرسیارێتییان لەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بە تێپەڕینی تاوانەکان بە بێ سزا.

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی راستەقینە کردەوە، کە “لە گەڵ خواستە رەواکانی گەلی سووریادا بگونجێت و سەروەری و یەکڕیزی و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بە پێی بڕیارنامەی ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە و هەلومەرجی پێویست سازبکات بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران بە سەلامەتی و شکۆوە”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە