دەیەها فرۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریای سوور خرانەخوارەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاند کە دەیەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە، دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن کەشتییە بارهەڵگرەکان و کەشتییە تێکشکێنەرەکانی کەنداوی عەدەنیان کردە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەێنراوێکدا گوتی، کەشتی و فڕۆکەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە ناوچەی دەریای سوور هەڵدرابوون، خستە خوارەوە.

دوێنێ شەممە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە ناوچەی دەریای سوور هەڵدرابوون، خستووەتەخوارەوە.

سوپای فەرەنساش ئاماژەی بەوەکردووە، کەشتییەکی جەنگی و فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی یەکئاراستەیان خستۆتە خوارەوە، کە بەرەو کەشتییەکانی ئۆپەراسیۆنی “ئەسپێدێس”ی ئەوروپی لە ناوچەکەدا دەڕۆیشتن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان “مەترسییەکی نزیکیان لەسەر کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکانی ئەمریکا و کەشتییە هاوپەیمانانەکان لە ناوچەکەدا دروستکردبوو”.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند کە کەشتییە جەنگییەکەیان “ریچمۆند” پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کردووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لە لایەن حوسیەکانەوە لە شەودا ئەنجامدرابوو، راشیگەیاند کە هیچ زیانێکی گیانی لە هێرشەکە نەکەوتووەتەوە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە