ئەمریکا داوای لە لوبنان کردووە سنوورێک بۆ رۆشتنی پارە لە لوبنانەوە بۆ حەماس دابنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە، ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، کە لە سەردانەکەی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رابردوودا بۆ بەیرووت، جێسی بەیکەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانی قۆڵی خۆی بۆ بەرپرسانی لوبنان دەربڕیووە، سەبارەت بە رۆیشتنی پارە لە رێگای لوبنانەوە بۆ حەماس، وەک خۆی ئاسکرای کردووە، کە پارەی حیزبوڵا لە ئێرانەوە بۆ لوبنان دەڕوات و دواتریش بەسەر ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەش دەکرێت، هەروەها داوای “رێوشوێنێکی جددی” کردووە بۆ راگرتن یان سنووردانان بۆ ئەو پڕۆسەیە.

بەرپرسەکە گوتویەتی، ئەگەر گروپە چەکدارەکان سەرچاوەی داراییان نەبێت، ئەوا چەکدارەکانیان چالاکییان بۆ ئەنجام نادەن و  بەمشێوە دەتوانرێت رێگری لە کردەوەکانیان بکرێت.

بە گوتەی بەرپرسەک، بەیکەر بە دەسەڵاتدارانی لوبنانی گوتووە، پابەندبوونیان بە پڕۆسەی جیهانیەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارە سپیکردنەوە و ستانداردەکانی دارایی دژ بە تیرۆر، کلیلی سەرەکییە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکان لە ئەمەریکا و سەرانسەری جیهانەوە بەرەو لای خۆی رابکێشێت و وڵاتەکە لە قەیرانە درێژخایەنەکەی دەربهێنێت.

بەرپرسەکە وتی بەیکەر داوای لە لوبنان کردووە کارە داراییە نایاساییەکانی ئەو کۆمپانیایانە سەرکوت بکات کە لە ماوەی رووخانی سیستمی فەڕمی بانکیی وڵاتەکەدا بەهۆی چوار ساڵ لە قەیرانی ئابوورییەوە سوودێکی گەورەیان بینیوە، لەوانەش ئاڵوگۆڕی نایاسایی پارە و ئەرکە بێ مۆڵەتەکانی حەواڵەکردنی پارە.

ئەو کارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵک و گروپانەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە دوورخراونەتەوە لە سیستمی فەرمی دارایی، سوود وەربگرن، بە حیزبوڵا و حەماسیشەوە کە ئەمەریکا وەکو رێکخراویی تیرۆریستی ناساندوونی.