دێرەزوور.. ئەندامێکی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان گیانی لەدەستدا و سێ ئه‌ندامی دیکەش بریندار بوون

دێره‌زوور- نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو به‌ ئۆتۆمبێلێكی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە شارۆچکەیەک لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

چەکدارانی نەناسراو و ئەندامانی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر خاڵە پشکنین و خاڵە ئەمنییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، هەندێکجاریش ئەو چەکدارانە هێرش دەکەنە سەر کەسایەتی ناو هۆزه‌كان و خەڵکی سڤیل.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چه‌كدارانی نەناسراو له‌ ناوچەی لایزی سه‌ر به‌ شارۆچکەی غەرانیج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور بۆمبی چێندراویان به‌ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستاندا تەقاندووه‌ته‌وه‌. به‌هۆیه‌وه‌ ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەد (تەمەن 26 ساڵ) گیانی له‌ ده‌ستداوه‌ و سێ ئەندامی دیکەش برینداربوونه‌.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی