ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشی سەر نوسینگەكانی (ئەنەكەسە) بڵاوكردەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان راگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێرشی هەندێک کەس بۆ سەر دوو نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە شاری کۆبانێ و عامودێی رۆژئاوای كوردستان بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ( ئەنەكەسە ) هاوپەیمانێتییەكە لە 17 پارتی کوردی سووریا و 11 كۆمەڵە و رێكخراو پێكهاتووە، ئەمە جگە لە کەسایەتییە سەربەخۆکانی وەک ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و هونەرمەندان.

ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک کەس بە سووتاندنی نوسینگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد- سوریا، کردەوەیەکی تێکدەرانەیان لە شاری کۆبانێ ئەنجامداوە، هەروەها ئەم کارە لە شاری عامودێش بە هەمان شێوە روویداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانی ئاسایش دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوەی بەرفراوان بۆ گەیشتن بە ئاشكراكردنی تاوانباران. جەخت لەوەش كراوەتەوە بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەو دوو ڕووداوە و دادگاییکردنی تاوانباران .

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی