سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان یادی هەشتی مارس پیرۆز رادەگرن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، لە یادی هەشتی مارسدا، رۆژی جیهانی ژنان، سەرکردە حکومی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە پەیامی جیاواز ئەو یادە بەرز رادەگرن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە دەڵێت، “له‌ هه‌وڵ و كار و خه‌باتياندا بۆ به‌ده‌ستهێنانى يه‌كسانى و ته‌واوى مافه‌كانى ژنان، وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌وپه‌ڕى بڕوا و تواناوه‌ هاوكار و پشتيوانيانم، هيواى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.”

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان لەم یادەدا دەڵێ: “لەپێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست هەمیشە پشتیوانی لە داخوازییە رەواکانی ئافره‌تان ده‌كه‌م”.

مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە کە: “حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەهێزترکردنی پێگەیان لە کایەکانی دەسەڵات و حکومڕانی و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانیی رەگەزی دووپات دەکاتەوە”.

هەروەک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتی سیاسی کورد، لەم یادەدا دەڵێ: “هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت. لەم بۆنەیەدا پشتیوانیی خۆم بۆ مافەکانی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەمەوە و ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستان لە خەبات و ئازادیخوازیی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنم”.

بەهەمانشێوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە رایگەیاند:” ئەو وڵاتانەی بەشێوەیەكی كار بەشداریكردنی زیاتری ژنانیان تێدایە، دوور دەكەونەوە لە جەنگ، لە گرژی، لە گەندەڵی و لە ناكۆكی سیاسی و كۆمەڵایەتی”، گوتیشی:” دەبێت ئەو باوەڕە زیندوو بكەینەوە كە تێیدا ژنان و پیاوان بە یەكچاو تەماشابكرێن و هاوشان و هاوتەریبی یەكتر بن، هەمان ماف و لە سێكتەرەكاندا دەستپێشخەرییەكانیان بەهەند وەربگیرێت”.